مەولان زادە ڕیفعەت بەگ
یاسین سەردەشتی

فایلی کتێب
داگرتن
بە بۆنەی یادی ١٢٥ هەمین ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە بفەرموون بۆ داونلۆدکردنی نوێترین بەرهەممان سەبارەت بە مەزنە رۆژنامەنووسی لەبیرکراو
مەولان زادە ریفعەت بەگ
ئەم کتێبەی بەردەست، لێکۆڵینەوەیەکی بەڵگەنامەیی زانستییە سەبارەت بە مەزنە رۆژنامەنووسێکی لەبیرکراو و پشتگوێخراوی کورد "مەولان زادە ریفعەت بەگ" کە یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسایەتیی و رۆژنامەنووسەکانی دەوڵەتی عوسمانیی لە قۆناغی مەشرووتییەتی دووەمداو رۆڵێکی دیارو مێژوویی لەرووداوە سیاسی و فەرهەنگییەکانی ئەو قۆناغەدا هەبووەو ژیانێکی پڕ چالاکیی و کاریگەریی لە بواری بەرهەڵستیی ستەمکاریی و بەرەی ناڕەزایەتییدا لە سەردەمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و هەروەها لە دژی دەسەڵاتی پاوانخوازی کۆمیتەی ئیتیحادو تەرەقی و پاشان مستەفا کەمالیشدا هەبووە.
مەولان زادە، وەک کوردێک، کە خێزانەکەی لە ناوچەی سلێمانییەوە چووبوونە ئەستەمبوڵ و خۆیان بە نەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندیی زانیوە، بەهۆی ئەندامبوونی لە رێکخراوی نهێنیی تورکە لاوەکان، تێکەڵ بە کاری سیاسیی بوو. ئەو هەر لە سەرەتاوە تاکو کۆتایی خۆی بە کەسێکی ئازادییخوازو لیبراڵ دەزانی و تاوەکو رووخانی ئیمپراتۆرییەکە بڕوای بە عوسمانیزم هەبوو، لەو پێناوەشدا ئامادە بوو لەهەر هێزو کەسایەتییەک نزیکبێتەوەو دۆستایەتیی بکات کە لە دژی ستەمکاریی و پاوانخوازیی تێبکۆشێت، هەروەها لەدژی هەر لایەک و کەسایەتییەکیش بوەستێتەوە کە پێێ وابێت لەو ئامانجە لایداوە. هەربۆیە وتراوە کە مەولان زادە ریفعەت لەگەڵ هەمووان بووەو پاشان لە دژی هەمووانیش وەستاوەتەوە. بەو هۆیەشەوە لە لایەن نەیارانییەوە تۆمەتی زۆری ئاراستەکراوەو کەوتۆتە بەر پلارەکانیان، کە هەندێک بێ کۆڵینەوەو بوونی هیچ بەڵگەیەک دەیجوونەوە .
شایەنە باسە، مەولان زادە، بەهۆی ژیانی بەرهەڵستکاریی، بەتایبەت دوژمنایەتیی سەختی بۆ شەخسی مستەفا کەمال و کەمالیزم و بەشداریی لە خەباتی نەتەوایەتیی کوردیی و هەڵوێستی لە کێشەی ئەرمەنییەوە ، لەلایەن دەسەڵاتدارانی چەندین ساڵەی تورکیاوە، هەموو کارو بەرهەم و مێژووی سانسۆر کراوەو رێگە بە کۆڵینەوە لە رۆڵ و چالاکییەکانی نەدراوە. ئەوە تەنیا ماوەیەکی کەمە، بەهۆی کاڵبوونەوەی هەژموونی کەمالیزمەوە، ئەو سانسۆرەی سەر ناو و ژیانی کەمێک لابراوەو بەرهەمەکانی چاپکراونەتەوە. هەروەها لەلایەن ئەرمەنیشەوە، بەهۆی قسەکردنی وردی لە جینۆسایدی ئەرمەن لە لایەن ئیتحادییەکانەوە، لابەلا ئاوڕی لێدراوەتەوەو لەو نووسین و کۆڵینەوانەی کراون سەبارەت بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان، ناوی خۆی و کتێبەکەیان هێناوە، بەڵام هێشتا سەبارەت بە پێگەو ناساندنی خودی مەولان زادە، زۆربەیان کەوتونەتە هەڵەوەو خەڵکی تریشیان بە هەڵەدا بردووە وەک دواتر ئاماژەی بۆ دەکەین.
دیارە عەرەبەکانیش، بەهۆی چوونی مەولان زادە بۆ میسرو چالاکییەکانی لەوێ لە سەرەتای دەیەی دووەمی سەدەی بیستەم و هەروەها وەرگێڕانی کتێبێکی لە سەرەتای نەوەتاکانی سەدەی بیستەم بۆ عەرەبیی و هەڵوێستی مەولان زادە سەبارەت بە باسی رۆڵی زایۆنیزم لە رووداوەکانی سەرەتای سەدەی بیستەم و بابەتی فەلەستین کە پاشان باسی دەکەین، بەناوی مەولان زادە کەمێک ئاشنان. ئەوەی هەیە تەنیا کوردانە، بە تایبەت لە باشوورو رۆژهەڵات، کە ئاگادارییەکی ئەوتۆیان، یان هەر هیچ ئاگاداریان، لەبارەی مەولانزادە ریفعەت و ژیان و رۆڵ و چالاکییەکانییەوە نییە، وێڕای ئەوەی ناوبراو رێک دەیەیەکی تەمەنی بۆ جوڵانەوەی نەتەوایەتیی و رزگاریی کوردو لە پێناوی خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان بەختکردووە.
ئەم کۆڵینەوەیە بەڵگەنامەییە لە پێناوی ئەو ئامانجەدایە، ئەوەی زادەی کارو ماندووبونێکی زۆرەو پشت بە کۆمەڵێک سەرچاوەی زانستیی رەسەن و ژمارەیەکی بەرچاو رۆژنامەو بڵاوکراوەی ئینگلیزیی و ئەمریکیی و سویدیی و ئەڵمانیی و تورکیی و ئوستورالیی و بیانیی دیکە دەبەستێت کە یەکەمین جارە لە کۆڵینەوەیەکی لەم شێوەیەدا بەکارهێنرابن و بەوەش ئەم کارە یەکەمین کۆڵینەوەو بەرهەمی زانستییە لەم بوارەدا بەم شێوە بەرفراونە ئەنجامدرابێت، دڵنیاشم شوێنی شیاوی خۆی لە نێو کتێبخانەی کوردییدا دەگرێت و کەلێنێکی گەورە پڕدەکاتەوە. هەر بژین
پرۆفیسۆر. دکتۆر یاسین سەردەشتی
٢٢ ی نیسانی ٢٠٢٣