عەبدولڕەحمان ناجیم
یاسین سەردەشتی

فایلی کتێب
داگرتن
خوێنەری ئازیز: ئەم بەرهەمەی بەردەست، هەروەک لە ناونیشانەکەیەوە دیارە، بەدواداچوونێکی ساکاری بەڵگەنامەییە سەبارەت بە مافناس و ئەدیب و شاعیرێکی کورد لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم کە "عەبدولڕەحمان ناجیم "ە، ئەوەی نەوەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی و کوردێکی خەڵکی سلێمانییە و باوکی رۆژنامەنووسی کوردی بەناوبانگ " مەولان زادە ریفعەت" ی سەرنووسەری رۆژنامەی "سەربەستی"یە.
شایەنی باسە، ئەو کاتەی ئێمە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاریی بووین تاوەکو کتێبێک سەبارەت بە مەزنە رۆژنامەنووسی کوردی لەبیرکراو مەولان زادە ریفعەت بنووسین، زانیارییەکی زۆر کەممان لەبارەی ناجیمی باوکییەوە لەبەردەستدا بوو، بەڵام پاشان وێڕای هەندێک لەبەرهەمەکانی، بە چاوخشاندنی ورد بە نێو رۆژنامەو بڵاوکراوە تورکییەکانی دەوڵەتی عوسمانیی لەسەردەمی سوڵتان عەبدولحەمەیدی دووەمدا، وەک : ترجمان حقیقت ، تصویر افکار، صباح، الجوائب، جریدە محاکم و ئەختەر ..هتد، کۆمەڵێک زانیاریی و ئاماژەمان دەستکەوتن کە هیچ نەبێ لانیکەم دەتوانێت بەکوردیی بەرهەمێکی سەربەخۆی لەبارەوە ئامادەبکرێت و تیشکێک بخرێتە سەر کارو بەرهەمی ئەم کەسایەتییە گومناوە کە کەسایەتییەکی دیاری قۆناغەکەی بووە، بەڵام تاکو ئەم دواییەش، بەهۆی کوردبوونییەوە، نە تورک بەلایانەوە گرنگ بووە بایەخێکی تایبەتی پێ بدەن و نەکوردیش بەدەگمەن نەبێ ناویان بیستووە و بایەخیان پێداوە. هێشتا لەگەڵ گەڕانێیک زۆری ئێمەشدا، بەداخەوە هێشتا زۆر رووی ئەم کەسایەتییە هەیە بەتایبەتی ژیانی کۆمەڵایەتیی و خێزانیی و لایەنی دیکە، وەک ئەوەی کە دەشێت بەزمانی کوردیی شیعر یان بەرهەمێکی دانابێ! چونکە ئەو نەوەی سەردەمێک بووە کە فێربوون و نووسین بە فارسیی و عەرەبیی و تورکیی بووە، هەموو ئەمانە شاراوەن و تیشکیان نەخراوەتە سەر، ئەوەی مەولان زادەی کوڕیشی لەنووسینە زۆرو بەرهەمەکانییدا بەلایدا نەچووە، یان نەکەوتۆتە بەردەستمان. بەو هیوایەی ئایندە زانیاریی و لاپەڕەی دیکەی ژیان وبەرهەمی ناجیممان بخاتەبەردەست و توێژەرانی خەمخۆر لە گەڕان وبڵاوکردنەوەی درێغی نەکەن و ئەم کارەی ئێمە کاری دیکەی بەدوادا بێت.